kurd-partuk

چوارینەکان




تیرێژ کە بە ڕۆژ و پێل بە دەریا دریــا
لەو ڕۆژەوە گوڵ پێکەنی بولبول گریا
خوا نووسی لە چارەی ڕەشی ئێمەش بەشمان
ژینێکی هەژاری پڕ لە خۆزیا و بریـــا
 
گریا گوڵێ بۆ گوڵاو سەر ئاگر نریا
ئەم بۆن و بەرامەیەم نەبووبا بریا
نرخـی هونەر و جوانییە دەیبا گەردوون
کێ پێکەنی جارێکی هەزار جار گریا
 
بێهوودەیە بیر و خەم دڵت خۆش کە برا
پرسیار نەکرا بەشت درا هەر چی درا
تۆ هێشتە نەهاتوویە جیهان ڕۆژی بەرێ
ئەو ڕۆژی دەبوو بچیتە دەر دیاری کرا
 
بەس هەڵ بخولێ بە دەوری پیس و پاکا
تا کەنگێ بە شوێن هەموو خراپ و چاکا
گەر زەمزەمی یان دایبنێ ئاوی ژیانی
ناچاری دەبێ ڕۆچی بە سینەی خاکا
 
مردن چییە؟ کەس تێنەگەیی تا وێستا
تەوڕات و زەبوور تا دەگەیە ئاوێستا
زۆر کەس لە ژیان دواوە زانایانە
بۆ باسی مەرگ گێل و نەزان ڕاوێستا
 
بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەسکەوتەکە هەر یەکن بە هەر دووک ڕێدا
 
ئەو ڕۆژە خودا سانی گیانی ڕانا
دەیزانی بە کردەوەم، خودایە و زانا
هەر خۆیەتی دایناوە هەڵە و سەرپێچم
سووتانی جەهەندەمی لەبەرچی دانا !؟
 
گۆیا لە جەهەندەمن ئەڤیدار و مەست
بەم واتەیە پێکەنیم و گۆستی خۆم گەست
جێی چەند کەری کوڵکنە ئەگەر وابێ بەهەشت
یان چۆل و بیابان و کپە وەک لەپی دەست
 
بیرت دێ عەبای پێوە بوو جێ باری لمت؟
ئەو بیری لە دەریای پڕ و پوچا نوقومت!
ڕیشت لە دواوە هاتە دەر بوو بە کلک
نینۆکی دەس و پێت خڕ و پڕ بوونە سمت
 
گێژی لە خەیاڵات و گلەی بەختی ڕەشت
ڕابوێرە هەتا بە جارێ نەبڕاوە بەشت
دەس بگرە بە بەندی سەر و پرچی جوانێک
تا هەڵنەوشێنراوە هەموو بەندی لەشت
 
لەو کۆشک و سەرایە دا کە جەم جامی گرت
ڕێوی ترەکیوە، مامز ئارامی گرت
بارام کە هەموو ژیانی خۆی گۆڕی دەگرت
دیتت بە چ جۆرێ گۆڕێ بارامی گرت ؟!
 
ڕێم کەوتە گوڵستانەوە لای بولبولی مەست
بە چریکەیێ پێی گوتم گەلێ ڕاز و مەبەست
تا گوڵ نەوەریوە تا لەشت نەبوە بە گڵ
وەک گوڵ بە دەمێ، دەم بە بزە و پیاڵە بە دەست
 
مەیگێڕ دەوەرە بەخێری چاوی کاڵت
دڵ تینووە جەرگم ڕەشە چەشنی خاڵت
وا تۆبە بەسەر یەکا شکا وەک پرچت
بۆم تێکە مەیەک لە ڕەنگی کوڵمی ئاڵت
 
ئەی شووشە بنازم بە دڵی خاوێنت
تاوم بدەرێ بە ئاوی خەم تاوێنت
دەستم بەر ئەدەم لە ئارەزووی دوور و درێژ
مەیگێڕ لەوەلا دەستی من و داوێنت
 
هاتوومە جیهان چم بە چ کرد؟ تێگەی هیچ
هەر بنج و بناوانی جیهان دەرخەی هیچ!
ڕووناکیدەرم، شەمم، کە فووم لێ کەی هیچ
نەینۆکی دەسی جەمم، لە بەردم دەی هیچ!
 
ئەو خوایە کە گەردوون و زەوی بەرپا کرد
ئەو ڕۆژە مەکۆی دەرد و خەمی پەیدا کرد
وەک ڕژد و چنۆک هەرچی بە نرخ و جوانە
هێنای بە پەلە و گورجێ دەخاکی ڕاکرد
 
ڕۆژگارێ مرۆ تیا ژیابوو، ڕابــرد
ئاوێ بوو بە جۆ دا چووە، با بوو، ڕابرد
هەرگیز مەڵێ وابوو، واچوو، خۆش نایەتەوە
گەر تاڵ و زەبوون ژیاوی، چا بوو ڕابرد
 

باش ڕێگە دەچووم یا خۆ گلابم، ڕابرد
گەر دوورە پەرێز بووم و تەبا بووم، ڕابرد
ترسم هەیە بۆم بێتە ژمار ڕۆژی ژمار
ئەو ژینە کە بێ یار و شەڕابم ڕابرد

 
لەش ناسک و لاوچاکی وەها هەن کچ و کوڕ
گوڵ دڕکە بەرانبەری بکەی، بێکەسە دوڕ
گەردوون کە بە دانستە دەیانکا وەک شێت
تێکیان هەڵ دەشێلێت و دەیان کاتەوە قوڕ
 
ئەم گۆزە وەکوو من بووە، دڵدار و هەژار
جارێکی دڵی خۆش بووە، سەدجار خەمبار
ئەو هەنگڵ و دەسگرەی لە ملیا دیوتە
دەستێ بووە زۆر خراوەتە سەر ملی یار
 
پەندێکی مناڵەکەت بدە مامەی پیر
با بازی بە خاک و گڵ نەکا، ژیری بەبیر!
بێژنگی لە دەس دەرێنە! بەس دای بێژێ
کەللەی سەری پاتشا و میر و وەزیر
 
سەرخۆش بە بە مەی، لە سەر دەراوێژە کەسەر
ئەم کورتە ژیانە ڕێی خەمانی مەخە بەر
بەس گێژ و نەزان و هێڕ بە، خۆ تۆ زێڕ نی
ژێر خاک بکرێی، دووبارە بت هێننەوە دەر
 
بەس گێژ بە لە ناو پێنج و شەش و حەوت و چوار
مەی فڕکە! دەتاوێیتەوە وەک بەفری پار
نەت زانی لە کوێوە هاتگی ڕۆژی بەرێ
ناشزانی بەرەو کوێیە بەری پاشە هەوار
 
تا کەنگێ خەریکی پێنج و چواران مەیگێڕ
دڵخۆشی بدە بە کۆڕی یاران مەیگێڕ
ژین کورتە ئەوەی نایەنێ خەم دابگرین
بۆم تێکە بە یادی چاوخوماران مەیگێڕ
 
خۆ لامەدە، دەی! بادە کە با بێ مەیگێڕ
بەرماڵ و جبەت گرەو لە لابێ مەیگێڕ
گوێ بگرە لە من هەرچی مەلا و شێخ گوتیان
دە گوێی مەگرە، لات وەکوو با بێ مەیگێڕ
 
جارێکی بە مەستی عەڕەبێکی پێخواس
نەیزانی لە لۆکی هەمزە ڕاساوە بە داس
مەی بۆیە حەرام کراوە، سا سەیری کەن
کورد بۆیە دەڵێ لە هەمزە چی داوە هەباس؟!
 
بۆ گۆزە کڕین دەچوومە لای گۆزە کەرێک
سەد گۆزە بەمن پێ کەنی! هەر یەک لە بەرێک
ئێمەی وەکی خۆت دەبەی! سبەینێ خۆشت
وەک ئێمە دەبی بە گۆزە، لای بێخەبەرێک
 
ڕابوێرە بە سەربەرزی بە نان و ئاوێک
سەر دامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێک
لەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک
 
ئای خۆزگە ببایە جێگە بۆ سانەوەیەک
لەم ڕێگەیە دوورە سووڕ و پێچ دانەوەیەک
سەد خۆزگە لە پاش نەمان وەکوو سەوزە گیا
بکرایە لە گڵ هومێدی هەڵدانەوەیەک
 
خەو بەسیە بەیانە هەستە چاوکاڵی شەپاڵ
گفتێکی شیرین بکە مەزەی بادەی تاڵ
کاروانی ژیان دەئاژوێ ڕوو بە نەمان
هاکا من و تۆش دەبینەوە خەون و خەیاڵ
 
ئەم ژینە کە ڕادەبرێ، چ شیرین و چ تاڵ
تووش بی بە مەرگ، چ دەربەدەربی چ لە ماڵ
بێ خەم بژی! خۆش بە! پاشی مەرگی من و تۆش
بێ پسانەوە دێن ڕۆژ و شەو و مانگ و ساڵ
 
بۆ بیری بەهەشت و ئاگرێ کەوتیە چاڵ
خۆشتر لە خەیاڵی شیرينە بادەی تاڵ
بەس ترس و هومێدی بێ نیشان و بەڵگە
پێشینە دەڵێن کەس بە خەیاڵ نەبوە بە ماڵ
 
کوا مەی؟ بڕەوێ خەم و خەیاڵ و خەوەکەم
وا ڕوو بە مەرگ گلۆر دەبێ ڕەوڕەوەکەم
ئەو خشتی لە خاکی من دەی بێژن
نێزیکە بچێتە چینی خانووی نەوەکەم
 
ئەو ڕۆژە کە مردووم و لە دنیا نابم
ئەو کاتە کە لەش تۆز و گڵی بەر با بم
خاکم بکەنە گۆزەڵە، بۆ مەیخانە
تا مل پڕی مەی بکەن، لەوانەم ڕابم
 
گۆزێک لە دەسم شکابوو، ئەو گریا بۆم
خەم دات نەگرێ منیش یەکێکی وەک تۆم
زۆر جار منیش وەکو تۆ گۆزەم دەشکاند
تۆش ڕۆژێ دەبی بە گۆزە دەشکێی وەک خۆم
 
ئەم پیاڵە وتی کە هاتە سەر لێوانم
شا بووم و گەلێ وەک تۆ لە ژێر فەرمانم
لە خواردنەوەما دەفر و پیاڵەم زێڕ بوون
وا ئێستێ پیاڵەم و بە سەر خۆشانم
 
مەیگێڕ وەرە مەی ئاڵ بدە با بینۆشم
شەش دانگی بەهەشت بە شووشەیەک دەفرۆشم
فەرمووتە لە پاش مەرگ بەرەو کوێ دەم بەن؟
سەرخۆش کە دەڕۆم، کێوە بچم دڵخۆشم
 
ئاخ خۆزگە لە مردنا بە مەی شۆراوم
ژێر سێبەری مەیخانەیەکا نێژراوم
کێ ڕۆژی قیامەتێ منی دێتەوە بیر
هیچ بۆم نەگەڕێ، لە چۆمی مەی خنکاوم
 
مەیگێڕ بگە پێم! لە بێ مەیی ماڕووتم
تووڕم بدە کووپەوە لە دووریت سووتم
گۆڕم لە پەنا ڕەزان بکۆڵن. ڕەزەوان،
هەڵبەستێ لە پەلک و داری مێو تابووتم
 
چاو جوان دە مەڕۆ تێری دڵم بت بینم
گوڵ چین؟ کە لە سەر ڕومەتی تۆ گوڵچینم
داخم کە هەبێ لە گێژەڵووکەی مەرگە
وەک پەلکە گوڵێ هەڵدەوەرێنێ ژینم
 
دەم بینی کە خەمبار و کز و داماوم
وا بیر مەکەوە لە مەرگ و کەس ترساوم
مردن کە لە ڕێمە، هەر دەبێ، ناترسم
ژاکاوی ئەوەم بە ئارەزوو نەژیاوم
 
هەر چەندی بڵێی بە بەژن و باڵا جوانم
ڕوومەت گوڵ و چاوکەژاڵ و لێو قەیتانم
وەستایێ کە وای لە خاک و گڵ داڕشتم
نیازی لەمە چی بوو؟ بۆچی کرد؟ نایزانم
 
هات و چوو بە بێهوودە مناڵی و جوانیم
پیر بووم و بە بێ داخەکەم و خۆزیا نیم
شاگردی زەمانە بووم و زۆریش چەوسام
وەستام لە هەموو کار و لە هیچ وەستا نیم
 
بۆ هاتمە سەر زەوی و لە بەرچی چوونم؟
بەهرەی چ بوو بۆ خودا نەبوون و بوونم؟
هاتووم و دەچم بێ وە بزانم بۆچی؟!
پاش مردنەکەش دوورە دەراوی ڕوونم
 
لە بێخەبەری خۆمە کەساس و ماتم
بێهوودە دەبوورێ دەم و سات و کاتم
من ببم و نەبم جیهان وەکوو خۆی وایە
مەیگێڕ وەرە لێکی دەوە من بۆ هاتم؟
 
هاتن بە دەسی خۆم نەبوو هێنایانم
دەرچوونە دەریش چۆن و کەیە؟ نازانم
سەد خۆزگە نەهاتبام، نەچووبام، نەببام
لەم گێرە و کێشەدا ڕەحەت با گیانم
 
پاک هاتمە سەر زەوی و دەڕۆم، ناپاکم
خۆشیم کە نەدی هەمیشە بۆی خەمناکم
سوێراوی چەمم کڵی دڵی نێڵ داوم
ژیانیشە بە با دا چووە تۆزی خاکم
 
خوا داوی دەناوە داوی ئەو با نادەم
دەعبایەکی گرت و ناوی لێ نا ئادەم
ڕاوی ئەوە، داوی ئەوە، دانەش هی ئەو
دەمخاتە تەڵە و گەرکیە خۆشم لادەم
 
گیراوە قوڕم، خرامە قالب، خشتم
بادراوی یەکێ ترم کە خاوم، گشتم
چاتر لەوە بم کە هەم، لە دەستم نایە
خوا ڕۆژی بەرێ بەو کلە چاوی ڕشتم
 
دەسکاری خودایە خۆم و ئاکاریشم
بۆ هەرچی دەچم لە دەستی ئەو دا ڕیشم
هیچ کارێ بە دەست خۆم نییە، هەرچی دەیکەم
ئەو پێمی دەکا، هێشتە گوناهباریشم
 
بە خوێندنەوە کراوە فرچک گیانم
زانستە مژیم و بۆتە ئاو و نانم
حەفتا و دوو ساڵە بیر دەکەم، دەخوێنم
وا تازە دەزانم چ لە هیچ نازانم!
 
زۆر کۆلکە مەلا و شێخ ھەیە ڕێ دەگرن لێم
لایان هەڵەیە لە ژینی خۆشم بدوێم
خزمینە! نەزانین چ بەڵایەکی زلە
هاتوومە جیهان دەبێ نەزانم من کێم!
 
ڕۆژ گەورەیە، چۆن بە تۆپەقوڕ وەیشێرم
زانام بە گەلێ نهێنی، خۆ دەبوێرم
زۆر پڕ لە گەواهێراتە دەریای بیرم
دەرخستن و شاندانی بە کەس ناوێرم
 
سەر کۆنەکەران دەڵێن کە مەستی بادەم
من گوێچکە بەوان تەوس و توانجان نادەم
سەرخۆشم و مەیخانە پەرستم بۆچی؟
هەربۆیە کە خۆ لە خۆپەرستی لادەم
 
جار جارە پەنا بە مەی دەبەم، ناچارم
خەمبارم و پێم دەڵێن کە تاوان بارم
خۆزێ وەکوو مەی درۆ و دزیش مەستی دەکرد
مەردێکم دەویست کە بیگوتا وشیارم
 
چم داوە لە کفر و چم داوە لە دین؟ من ژیرم
مەیخانە و مەیفرۆشە تەکیە و پیرم
مارەت چییە؟ پرسیم لە جیهان، کەیفە گوتی
ڕووخۆشی؟ هەواڵی تۆم و، زوێری؟ زوێرم
 
با هەستم و چاومەست و مەیێکی جور کەم
بەس زەردی خەمان بم و بە مەی ڕووسوور کەم
لاوێچێ بە ڕووی هۆشی بزۆزم دادەم
با تاوێ لە خەو ڕاچێ لە خۆمی دوور کەم
 
چاومەستە دەهەستە بێرە لام خونچە گوڵم
ماچم دەیە، بم دوێنە، مەشکێنە دڵم
لەم دەفری مەیەت کاسەیەکم بۆ تێکە
تا نەبووە بە دەفر و کاسە و گۆزە گڵم
 
مەیگێڕ وەرە لام چ دەربەسی بەدناویم؟
پاراوکە دڵم، سیس و کزی بێ ئاویم
مەڕوانە کە پیرم، دەمێ سەرخۆشم کەی
پێم وایە شل و شەنگە نەمامی لاویم
 
ئەم جارە پەڵاسی شەرم و دین پارە دەکەم
ئەم دەردی هەژارییەم بە مەی چارە دەکەم
سێ بەردە دەنێمە مستی بیری پیرم
کیژی ڕەزی ڕوو سووری ترێ مارە دەکەم
 
هێشتا لە بەهەشتا دەگەڕا بابادەم
لەو ڕۆژەوە من ئۆگری جامی بادەم
ئەو تڵتە کە پیری مەیفرۆش دەی ڕێژێ
تۆزێکی بە زێڕ و گەنجی قاڕوون نادەم
 
مەیگێڕ وەرە بەرماڵ و جبەی دەفرۆشم
ڕیشم لە گرەو دەنێم و شەی دەفرۆشم
تەزبیحی دەسم کە داوی فێڵبازانە
هەرکەس دەیەوێ بە چۆڕێ مەی دەفرۆشم
 
گیانی منە مەی کە بێ ئەوم بێ گیانم
ژانم لە دڵایە بادەیە دەرمانم
هەر ئەو دەمە لام خۆشە کە مەیگێڕ بێژێ
هەر دوو فڕی دی، بڵێم بەسە و ناتوانم
 
مەی کووپەیەک و گۆشت و مەزە و نانی گەنم
جوانێ بەتەنێ لە چیمەنێ بێتە کنم
ماچی دەمی مەی نۆش لە سەرخۆشی دا
وەبزانە کە مەزن و میری ئەو ناوە منم
 
مەیگێڕ بە دووچاوە مەستەکانت مەستم
تۆم لابی لە دوو جیهان بەچی دەربەستم
هاواری لە پیری دەستگیرە دەروێش
من پیرم و تۆم دەوێ کە بگری دەستم
 
مەڕوانە پەشێو و لێو بەبارم، نە کەمم
بەرزم لە هەژاریا چیای سەربەتەمم
هەرکەس لە سەرێکەوە خودا پێيداوە
من خاوەنی شەش دانگی کوڵ و دەرد و خەمم
 
مەیخانە پەرست نەبووم و تووشت کردم
بەو پیرییە بەرەو پیری ئەڤینت بردم
ڕووبینی کە لێلاوە تکا، تۆبە شکا
دینداری کە ڕەنگاوی ڕیا بوو، شردم
 
کاروانە ژیان، گەرەک بەلەز بم، ڕاکەم
میوانی شەوی درێژی ژێر ئەم خاکەم
گیانم دەرئەچوو، وتم وچانێک، فەرمووی
دیواری لەشت شکستە چۆن بار ناکەم
 
دڵداری چ یارە؟ فێرە سەودای کردم
بڕوانە لە چاوی سوور و ڕەنگی زەردم
نرخی بزەیەک بارە لە سەر لێوانم
پارسەنگە دڵی گەرم و هەناسەی سەردم
 
کێ تا سبە دڵنیایە بۆ مان و نەمان
ئەی مانگە وەرە لە دڵ دەراوێژە خەمان
خۆش مانگە شەوە، هەلی مەیە و مەی بێنە
تا تیشکی نەداوە مانگ لە گۆڕخانەکەمان
 
دڵتەنگی هەبێ، دەبێ بە مەی ژەنگی بەرین
بۆ بیری نەهات و هات چما خەم لە بەرین؟!
سۆزی کە مەرگ تەپڵی نەمانی لێ دا
ئەمن و تۆ دەگەڵ بابەدەمی هاو سەفەرین
 
لە نوێنی گڵا پەکوو... کە نوستوو زۆرن!
بەر بیر و خەیاڵ کەمن، لە بیر چوو زۆرن!
هەرچەندی کە دەڕوانمە بیابانی نەبوون
سەد هێندی ئەوانی چوون، نەهاتوو زۆرن
 
داخم گەلێ یار و خۆشەویستان مردوون
لەش خاکی نێوان کۆمەڵێ دار و پەردوون
چەشتمان لە مەیەک هەموو لە ناو کۆڕی ژیان
پێش ئێمە بە دوو سێ پشوو مەستی کردوون
 
گۆڕخانە نشینان کە لە بن سەرپۆشن
خۆڕایی نییە وەها کپ و خامۆشن
ئەی خوایە لە کام بادەیە دەرخواردت دان؟
بێهۆشن و بۆ هەتا هەتا سەرخۆشن
 
داخم ئەوی دێر هات و ئەوی کەوناران
هاوباوەشی مەرگن و لە دنیا تاران
کەس نایەتەوە بەرەو ژیان لێی پرسم
لە کوێ یە بنە و باری هەواری یاران؟
 
گۆڕهەڵکەنی من لە هیچ و پووچ دڵخۆشن
خشتی گڵی کۆنە مردووان دەفرۆشن
ڕۆژیش دێ گڵی من و ئەوان بکرێ بە خشت
تا گۆڕی هەژاری تری پێ داپۆشن
 
هۆ مامی هەوڕگەر! بەسە هەڵکەی دامان
ئەو خەڵکە بە تۆ پێدەکەنن، تێت ڕامان
هەر لاشی هەژارە و سەری شا و خونکارە
سوڕی دەدەی و دەیکەیە دەفر و ئامان
 
پێک نایە هەتا سەر لە جیهانا گیر بوون
زۆر شێتییە بێ بادە بژیم سیس و زەبوون
دەس بەردە لە کۆن و تازە و ترس و هومێد
دنیا کە نەمام، تازەیە یان کۆنە، بە توون
 
زۆری وەکوو مەی قەزا و قەدەر چاند و دروون
بێهوودە چ داگرم خەمی بوون و نەبوون؟
پیاڵێکی پڕم لە بادە بۆ تێکە وەخۆم
هەرچی دەبوو بێ و ببێ هەموو هاتن و چوون
 
هەڵسە بەسە پیش خواردن و مل کز کردن
مەی تێکە بخۆین لە باتی خەم بۆ مردن
ئاکاری جیهان ئەگەر وەفای تێدا با
نۆرەت نەدەهات لەوانی زوو ڕابردن
 
چ کراوە بەرێ؟ نە تۆ هەڵی دێنی نە من
لەو بارە بە ڕاست نە تۆی کە دەخوێنی نە من
چی بۆی دەگەڕێین لە پشتی پەردێکەوەیە
گەر پەردە نەما نە تۆی کە دەنوێنی نە من
 
ئەستێرە هەمووی ئەگەر درشت و ووردن
ئاوان و دەڕۆن و دێنەوە و لێک گردن
لەبڕانەوە نایە هاتوچۆی چوون و بوون
تا خوا هەیە هەر دەمێنێ زان و مردن
 
ئەستێرە و مانگ و ڕۆژ لە عاسمانانن
هۆی گێچەڵ و مشت و مڕی زانایانن
چین و چ دەکەن؟ کێوە دەچن؟ چۆن هاتن؟
خۆشیان وەکوو من نەزان و سەرگەردانن
 
شادی لەمەڕایە پنجی خەم خۆمانین
هۆی زۆر و کەمی ڕەوا و ستەم خۆمانین
ڕاستی و بەزەیی و بەرز و نزم بوون ئێمەین
قاشوولکە شکاو و جامی جەم خۆمانین
 
بەهرەی چ وەدەست کەوت لە بوونمان گەردوون؟
قازانجی چ دێتە ڕێ لەوانەی مردوون؟
هیچ کەس نیە لەم گێژە دەرمخا و بێژێ
بۆ بوون و ژیان و مان و بۆ مردن و چوون؟
 
پیاوانێ بە ژیری و هونەران دڵخۆشن
تامەزرۆ بە ماست و دۆشن و نێر دۆشن
وا باشە ئەگەر دەکرێ نەزان و گێل بن
کەس گێزەر و تووریش بە هونەر نافرۆشن
 
مانگی ڕەمەزان نزیکە و پێمان ئێژن
مەی هەرچی هەیە بڕێژن و مەیچێژن
من هێندە دەخۆمەوە لە کلکەی شابان
مەست و کەلەلا بۆی دەکەوم تا جێژن
 
گەردوون لە سەری دایە خەیاڵێ بۆمان
هەر وا دەگەڕێ بکۆڵێ چاڵێ بۆمان
ئاڵە و شەوە بیبا چ دەکا با بیکا
مەیگێڕ شەوی خۆشە تێکە ئاڵێ بۆمان
 
زۆر کەس هەیە هەر دەوێژن و نایپێژن
ئەو ئێمە بە گێژ دەزانن و خۆیان گێژن
گۆیا ئەوی کووپە مەی دەکا دینی نیە
بۆ ئەو کەسی کوولەکەی دەکا چی ئێژن؟!
 
هێندێک بە خەیاڵ لە دین و ئایین ژیرن
لایەک بە گومان لە بێ گومانی گیرن
سەیری دەبێ تێ بگەن کە هیچ تێ نەگەیین
کەمتر لە سەری پیاز و پەلکی سیرن!
 
دەنگبێژ و کچێک و گۆشەیەک پەیدا کەین
خۆشی سەر و دڵ لە ماچ و مەی داوا کەین
نەهومێدی بەزەی کەس و نە ترسی دوا ڕۆژ
با خاکێ بە با و ئاوێ بە ئاگر داکەین
 
خۆزگەم بە کەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕ و پووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک وەک من و تۆ کوندە بەبوو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو، کەلاوێکی نەبوو
 
گەنجت دەوێ ڕەنجی دەوێ واهات، وا چوو
کێ گوڵ دەچنێ دڕکی لە دەستی ڕاچوو
تا شانە نەبوو لەت لەت و جەرگی پارە
کەی دەستی بە کاکۆڵی جوانێک داچوو
 
دەروێشیەکەمان کیسەیەکی بێ بن بوو
مەیگێڕی جوان ڕێبەر و پیری من بوو
پێم وایە لە مەیخانە دەبێ وەی بینم
ئەو ژینی لە سووچی فێرگە دا لێم وون بوو
 
هۆزان و بلیمەتان و بیر ڕوون و پتەو
بۆ بوون و دەچن؟ کەس نە ئەمی زانی نە ئەو
تاریکە شەوێک گەڕان بەبێ ڕێ و، گێژ بوون
ئەفسانەیەکیان ئەهۆنی چاویان چوە خەو
 
گەردوون کە گەڕا دژی نیازی من و تۆ
عاسمان بە مە چی، هەشت و حەوت بن یا نۆ؟
بمرم کە لەشم بەمن چی هەرچی دەیخوا
مێروولە لە گڵکۆ بێ، چ گورگی کەژ و کۆ
 
پرسی لە مراوی، ماسییەکی لابرژاو
کوا تازە بڵێی بە جۆگەدا بێتەوە ئاو؟
پێی گوت بەمە چی؟ کە ئێمە مردین، دنیا
دەریا بێ، تراویلکە بێ، یان هەور و ساو
 
وا مانگە وەسەر کەوت لە سووچی ئاسۆ
مەی تێکە بخۆینەوە شەوێکە و ئەمشۆ
دەس باوێ ملم، مەترسە مانگ ئاوا بێ
زۆر دێتەوە سەر بدا لە گڵکۆی من و تۆ
 
ھەر خۆڵێ کە دیت چ زۆر چ تۆزکاڵێ بوو
کێل گەردن و کوڵمەسوور و چاوکاڵێ بوو
شەرمێ بکە تۆزی دەتەکێنی بەرگت
ئەو تۆزە گڵی ڕوومەتی لێوئاڵێ بوو
 
ھەر پنجەگوڵێکی سوور لە گوڵزارێ بوو
ئەو سوورییە خوێنی دڵی دڵدارێ بوو
ھەر پەلکە وەنەوشەیەک لە ھەردێ دەردێ
خاڵێکە لەسەر ڕوومەتی نازدارێ بوو
 
شەو فێنک و دەر سەوز و وەها مانگە شەوێ
با بخۆینەوە کوا هەلێکی دی هەڵدەکەوێ؟
مانگ هەردێ، بەهار دێتەوە، تەنیا ئێمەین
دەمرین و دەبینە گیاو و گڵ لێرە و لەوێ
 
تا هەل هەیە دڵخۆش بە، ژیان ڕادەبرێ
لەم خانوە ڕەشەی لەشە گیان دەر دەکرێ
ئەم کاسە سەرانەی کە دەبینی، سۆزی
ژێر قاچ و قولی کاسەکەران ڕادەخرێ
 
هەر شەو بوو لە مەیخانە دەهات ئاوازێ
خۆشی لە کەسێک لە ئێمە مەی دەخوازێ
بۆ مات و کزی؟ گەلێکی وەک تۆ گەردوون
کردوونی بە تۆز و خۆڵی سەر ڕێبازێ
 
چاوجوان نە دەمی خەوە دە هەڵبێنە سەرێ
مەی تێکە لە کووپە چەند قومێکم بدەرێ
هاکا قوڕی خاکی من و تۆش هەڵشێلن
بکرێتەوە کووپە مەی لەکن گۆزەکەرێ
 
پڕژاندی هەور لە دەشت و دەر بارانی
بێ مەی بی دەمێ تامی ژیان نازانی
وا ئێمە لە سەیری سەوزەزارین داخۆ
سەوزەی گڵی ئێمە کێ بکا سەیرانی؟!
 
تای ماشەری ژین بەبێ وچان هەڵدەکرێ
زانا ئەوەیە دڵخۆش دەژی بێ خەم بمرێ
مەیگێڕ خەمی چیتە بۆ سبەینەی قیامەت؟
بۆم تێکە هەتا دەرفەتە، شەو ڕادەبرێ
 
لاوێچێ لە مەی سەد دڵ و سەد دین دێنێ
هەر تاقە قومێک مەملەکەتی چین دێنێ
چی خۆشە لە سەر زەوی وەکوو مەی نابێ
تاڵێکە هەزار گیانی شیرین دێنێ
 
دڵخۆشی دەدا مەی و دڵی خەم دەبڕێ
فرمێسکی ڕەزانە، ئەشکی خەمبار دەسڕێ
زۆر سەیرە لە لام کەسێکی مەی دەفرۆشێ
چی چاتری پێ دەکڕێ؟ مەگەر مەی بکڕێ!
 
گیا شینی بەهاران هەڕەتی خونچە وەبێ
لات وایە بەهەشت ئەگەر هەبێ وەک ئەو بێ
مەیگێڕ وەرە تا بەهەشتی دنیا ماوە
هەشتێکی لە مشتە بێنە نەک نۆ بێ، نەبێ
 
زانا لە جیهان کەسێکە خەم دانەگرێ
دڵتەڕ بژی، ووشکی لە دڵا ڕانەگرێ
تا سواڵەتی ژین بە بەردی مردن دەشکێ
دەستی لە ملی شووشە و یار هەڵنەگرێ
 
چۆن تۆبە لە مەی دەکەی هەتا مەی مابێ؟!
ئەو ڕۆژە مەخۆرەوە کە پەیدا نابێ
نەخوازە بەهار و چیمەن و دیمەنی گوڵ
تۆبەی چی؟ هەزار تۆبە لە تۆبەی وا بێ
 
بۆ ژانی دڵان هەر مەیە دەرمانی بێ
زانا ئەوەیە تامی لە مەی زانی بێ
ئەو کۆنە پەڕۆی لێوی لە مەی پێ دەسڕن
بەرماڵی هەزار سۆفی بە قوربانی بێ
 
کاتێ لە زەوی وەنەوشە سەر دەردێنێ
سروە دەمی خونچە ماچ بکا و ڕای ژێنێ
چەند خۆشە لە گەڵ خونچە دەمێ ڕای بوێری
تۆ تۆبەشکێن و ئەو دڵت نەشکێنێ
 
ئەو جوانە کە خۆم دەڵێم بە تەنیا جارێ
باوەش بە یەکا بکەین لە دەم ڕووبارێ
چیمەن گوڵ و سەوزەپۆش و ئێمەش سەرخۆش
پێم وابێ بەهەشت وایە، بەڵام لێ بارێ
 
بۆم بان کەنە مەیگێڕەکە با مەی بێنێ
پیری چلەکێش بادەیە خۆی بنوێنێ
سەرخۆشێ بناڵێنێ لە نیوەی شەو دا
سەد نوێژی ڕیابازی مڕ و مۆچ دێنێ
 
شێخێ بە ژنی خراپی گوت بێ شەرمی
بۆ هەرچی دەست بۆ بەرێ ساز و نەرمی
پێی گوت بەڵێ من وەکوو دیارم هەر وام
تۆش داخۆ وەکوو نیشان دەدەی دڵگەرمی؟
 
گەردوون کە بە زانیاری بکردا کاری
چۆن وا پڕ دەبوو لە هیچ و پوچ و خواری
کەی ڕاستە هەژار و لێو بە بارن زانا
بێ مێشک و کەریش لە زێڕە ناڵ و باری!
 
گەردوون وەکوو دێو بەراوەژوون ئاکاری
هەواڵی نەزانانە، دژی زانیاری
مەیگێڕ وەرە هۆشم بەرە بەڵکوو جارێک
لێی تێکچێ بە لای ئێمە بچەرخێ باری
 
هۆشم کە دەبێ خەفەت دڵم دەردێنێ
سەرخۆش کە دەبم هۆش لە سەرم نامێنێ
کاتێ کە نە زۆر مەست و نە زۆر وشیارم
گیانم بە فیدای ئەو دەمە دنیا دێنێ
 
چاو جوانە بەیانە و کەڵەشێر دەخوێنێ
بانگێکی لە مەیگێڕ بکە با مەی بێنێ
داخۆ شنەبای بەیان، خوناوکەی باران
کەی بێنێ لە سەر گۆڕەکەمان بڕژێنێ
 
ئەو کۆشکی ملەی دەکرد دەگەڵ عاسمانێ
شاهانی دەکەوتەوە لە دەرک و بانێ
دیتم پەپوسێمانەیە لێی دەخوێنێ
کوا بگرە و بەردەت؟ بەزم و ڕەزمت کوانێ؟
 
خەم بۆچی لە سەر بوون و نەبوون دادەگری؟
دوا ڕۆژ چیە کەی دێ؟ چتە وا بۆی دەگری؟
مەی فڕکە! مەترسێ بە قەرز، نازانی
نێوانی هەناسەیەک دەژی یان دەمری؟
 
بێ خەم بە، ژیان هەلێکە هاکا مردی
تاوێری مەرگ گلا و لە بنیا ووردی
نازانی لە کوێوە ناردراوی، سا بە خودا
ناشزانی مەرگ، کە مردی بۆ کوێی بردی
 
ناچاری ئەشێ باری مەرگ هەڵبگری
ناشێ هەموو دەم لە ترسی مردن بمری
خوێن و ڕەگ و پێستێک و دوو سێ ئێسقانێک
وە بزانە نەبوون، بۆچییە خەم دادەگری؟
 
وەبزانە جیهان بە ئارەزووی تۆ دەگەڕێ
ئەم چەرخ و خولەی هەمووی بە فووی تۆ دەگەڕێ
وەبزانە کە سەد ساڵ ژیاوی، پاشان چی؟
مەرگێکە لە سەر ڕێگە لە دووی تۆ دەگەڕێ
 
دنیا وەکوو خۆیەتی و مرۆ نامێنێ
تۆ تۆزی ئەویش هەر وەکوو سۆزی و دوێنێ
ئێمەش کە نەهاتبووین وەکوو خۆی وابوو
لێشی دەردەچین کەمایەسی ناهێنێ
 
ژیانت چیە؟ تا چووک و شلی، شاگردی
وەستای کە گەیشتی، پاشی پیری، مردی
پوختایی و تار لە من ببیسی باشە
تۆزێکی لە خۆڵ بەرز ببووی، با بردی
 
زانیوتە لە حەوت و چوارەوە هاتی کە بووی
گێژیت و لە بیری چوار و حەوتا ون بووی
ئاسوودە بژی هەزار کەڕەت پێتی بڵێم
نایەیتەوە گەر مردی، ئیتر چووی هەر چووی
 
مەی تێکە وەخۆ دەرفەتە، هاکا مردی
لەم ژێر گڵە بێ هەواڵ و بێ هاودەردی
وا پێتی دەڵێم شتێک لە لای کەس مەیڵێ
نابێتەوە گوڵ پەلکە گوڵێ بابردی
 
گەردوون وەکوو منداڵە لەبەر بێکاری
خستینیە دەرێ وەک مت و موور بۆ یاری
تاوێکی لە بەر دەستی ئەوا دێین و دەچین
دەخرێینەوە سندووقی نەمان یەکجاری
 
ڕابوێرە، دڵت خۆش کە چما خەم لەبەری
دەرفەت لە دەست ئەگەر نەدەی بەختەوەری
یەک جارە کە دروایەوە هەڵنادەیەوە
هۆشی بدەرێ! مرۆی، نە سەوزە و کەوەری
 
ئەم خەڵکە، لە کارگای خودا دێـتە دەرێ
هەر کاری ئەویشە سیس دەبێ و هەڵدەوەرێ
ئەی خوایە! ئەگەر باش بوو لە پای چی نەتهێشت؟
گەر پووچ و چرووکە، کێیە کردوویە بەرێ؟
 
سەرخۆش دڵی نایە پیاڵەیەک بشکێنێ
هەر تۆزێ لەبار و ڕێک و پێک بنوێنێ
خوا ئەو هەموو لاشە ناسک و لاوچاکە
بۆچ ڕێکی دەخا و لە داخی کێی دەڕزێنێ؟!
 
پرسیم و نواڕیم و گەڕام لێر و لەوێ
هیچ بەڵگە نەبوو تەمی گومانم بڕەوێ
ناژین بە خەیاڵی ئەو بەهارەی نایە
تا ماوە ژیان، بادە لە دەستمان نەکەوێ
 
گەردوون بە دزی دوێنێ لە لام درکانی
هەرچی بەسەرت دێ لە دەس ئێمەت زانی
لەم چەرخ و خولەم دا دەسەڵاتم بوایە
خۆم ئێستە ڕەها دەکرد لە سەرگەردانی
 
مەیگێڕ مەیە بەر باری خەمان، مەی با بێ
چا نابێ جیهان بە ئێمە، با دڵ چابێ
چت دێتە بەرێ لە ڕێی ژیان گوێی مەدەرێ
هەرگیز وەکوو ئاواتی دڵی کەس نابێ
 
چووکێک لە کەلاوەیەک لە بەر لابایێ
دەیکۆڵی بە دندووکی، سەری پاشایێ
پێم وابوو دەڵێ بمگرە گەر دەتوانی
بەو کەللەیە سوێند دەخۆم لە دەستت نایێ
 
دیم گۆزەکەرێک قوڕی دەشێلا دوێـنێ
دەنگێکم دەبیست، باوکە کوڕی دەدوێـنێ
ڕۆڵەم بەزەییت بە بابی خۆت دانایە؟
مەمشێلە بە قەو بە هێمنی پێم لێ نێ!
 
مەیگێڕ وەرە مەی بێنە زەبوونی بۆچی؟
با پێبکەنین داخ لە دەروونی بۆچی؟
کێ پرسی بە تۆ کرد لە نەبوون و بوونا؟
بێهوودە کزی بوون و نەبوونی، بۆ چی؟
 
هەرکەس کە دەسی بە تیکە نانێ بڕەسێ
لاکۆخی هەبێ، شەوانە تێی دا وەحەسێ
چەند خۆشە ژیانی وا چ ئازادە بە دڵ
بۆ خۆی بێ، نە ئاغا بێ، نە بەردەستی کەسێ
 
ڕۆزی و تەمەنت پتر بکەی، ناتوانی
بۆ زۆر و کەمیش پەرۆش و سەرگەردانی
زۆر دەستەوەسانیت و بزۆزیشی بە دەم
ئاواتی دڵت لە مێو بکەی نازانی
 
نەیخۆی و نەپۆشی، ئەدی بۆ چیت کۆشی؟
سەرقاڵی! شەو و ڕۆژ دەکڕی و دەفرۆشی
لێو تەڕکە بە مەی، لێوی کچۆڵێک بمژە
ژێر گڵ هەر دەبی، پەرۆشی یان دڵخۆشی
 
بڕوات کە بە دنیایە لە تەکمابە دەمێ
بڕوانە لە گۆڕسان و ڕامێنە کەمێ
مێروولە کە کێشەوەی دەکەن لێر و لەوێ
هەر یەک لە دەمی دایە گڵی خونچە دەمێ
 
دەستم کە بڕۆیبایە خودا ئاسایی
گەردوونی ترم دەخستە ڕوو سانایی
بەدبەختی بەشی نەزان و نامەردان با
دڵخۆشیم دەدا بەرامبەری زانایی
 
مەیگێڕ وەرە! گا زەوی لە پشتە، بەمە چی؟
بادەم بدەیە جند و فریشتە بەمە چی؟
مەیخانەیەکم نیشان دە، ئەوسا دنیا
مزگەوتە هەمووی، دێر و کەنشتە، بەمە چی؟
 
یان دەچمە بەهەشت حۆری لە دەورەم کۆ بێ
یان ئاگرە جێگەم بە چزە و بۆ سۆ بێ
جوانێک و مەی و نەی و بەهارێک بۆ من
چیم ناگەرەکە، قەرزی بەهەشت بۆ تۆ بێ
 
دڵبەر کە بمان داتێ مەیێک و ماچێ
بەرماڵ و ڕدێن بە توونی ئاگر داچێ
دڵتەڕ لە جەهەندەما بێ، سا دەرکی بەهەشت
گیراوە بە قوڕ تازە کەسی تێ ناچێ
 
ئۆخەی کە نەما باوی خەیاڵی خاڵی
مەیگێڕێ دەبینمەوە بە بادەی ئاڵی
گێرەی ڕەمەزان بەربوو، ئەوا جێژن هات
دەم بێنی لە دەم گا و کەران ڕاماڵی
 
مەیگێڕ لەمە بڕوانە بە سیلەی چاوێ
ڕابردوو، نەهاتوو، لە سەرت دەرباوێ
تا کەی خەمی زوو کۆچ دەکەم و دێر هاتم؟
مەی تێکە وەخۆین درەنگ و زووی پێ ناوێ
 
مەیخۆرەوەکان دە وەرن و ساز دەین کۆڕێ
مەیگێڕ وەرە با دەفری شەڕاب هەڵچۆڕێ
دەیزانی خودا ڕۆژی بەرێ، مەیخۆرین
تێکی مەدە، زانستی خودا ناگۆڕێ
 
مەی خۆرەوە نی و لە ئێمە هاتوویە گەمەی
خۆشت بە دزی هەزار دزی و حیزی دەکەی؟
فیزمان بە سەرا لێ مەدە مەستی ناکەی
هەر کارێ دەکەی هەزار کەڕەت خۆزگە بە مەی
 
جوانی بە پەلە و بەبێ نەوەستان ڕۆیی
ڕۆژگاری ژیان وەک شەوی مەستان ڕۆیی
ئەم ژینە کە هەر دەمێکی دنیای دێنا
داخم کە بە بێهوودە لە دەستمان ڕۆیی
 
زستانی ژیانە وا قەلی مەرگە قڕی
پیری مڵەیەک بوو ڕەگی لاویمی بڕی
باڵداری جوانیم لە لکی ئاواتم
هاوارە لە من چ زوو بە زوو نیشت و فڕی
 
ڕابرد تەمەنم هەموو بە نافەرمانی
نەینووکی دڵم لە چەوتی ژەنگی هانی
هێشتا بە هومێدی بەزەییم چون هەرگیز
پێم وا نەبوو دوانی، هەر بە تاکم زانی
 
فەرمووتە عەزابم هەیە ترسو لێ بێ
لەم گفتە دەبێ ئەوی بترسێ کێ بێ؟
تۆ ڕەحمەتی، لە کوێ بی، عەزاب بێکارە
ئەو جێیە کە بێ تۆیە دەبێ لە کوێ بێ
 
چاوم کە بە گریانەوە بوو، یار تاوێ
دەیڕوانی لە ئەشکی من بە گۆشەی چاوێ
بەم چاکەیە لە نیازی گەیشتم کە دەڵێ
تۆ چاکە بکە و بیبە دە ئاوی هاوێ
 
بوولێڵە کە هات، مەپرسە کەنگێی ساڵە
مەی فڕکە لە خورينی بە تاس، بە پیاڵە
شێخ وازی لە هەنگوێن و گەزۆیە و من مەی
مەی تاڵە دەبێ هەق بێ، دەڵێن هەق تاڵە
 
شێخ ویستی لە دەردی یار و مەی چا بمەوە
بۆ ژینی لە پاش مەرگ ئەشێ پا بمەوە
نازانێ کە بۆچ هۆگری یار و بادەم؟
پێم خۆشە لە حەشریش دەگەڵی ڕابمەوە
 
گۆیا لە بەهەشت مشە و فشەی خۆراکە
هوری و کوڕ و هەنگوین و شەڕابی پاکە
بۆم تێکە بە یادی کۆنە قەرزان مەیگێڕ
ئەم دەنگی دەهۆڵە تا لە دوور بێ چاکە
 
لێم بۆتە مەتەڵ بەهەشتە، جێگەی حوورە
هەنگوين و کەرە و شیر و مەی و کافوورە
با ئێمە بە مەی لێرە بەهەشتێ سازدەین
تا پیاوی هەژار دەگاتە بەغدا، دوورە
 
شووشەی مەیەکەت بۆچی ڕژاندم خوایە؟
وەک شووشە، نەشە و دڵت شکاندم خوایە؟
مەیخۆرە منم کەچی یەکی تر دەگرێ!
بمبوورە لە پەردە دا گەیاندم خوایە
 
دنیا لە کەو دا! بێگوناھێکی نییە
کەس بێ ھەڵە نەژیاوە لەسەر ئەم زەوییە
من کردەخراپ و تۆش خراپەم تووش کەی
جیاوازی لەنێوان من و تۆ خوایە چییە؟
 
بەخشین، لە گوناه و هەڵە چاو پۆشینە
تۆ چۆن هەڕەشەت بە ئاگری پڕ تینە
بمبەخشی بە نوێژانەوە کەسمان لە کەسە
بە گوناهەوە بمبەخشە دەڵێم بەخشینە
 
مەیخۆر کە نەبن کاول دەبن مەیخانە
خوێنی دە هەزار تۆبە لە گەردنمانە
بەخشین چ دەکا ئەگەر گوناهبار نەبێ؟
لە گوناهەوە بەخشین و بەزەی خوا جوانە
 
هەر ڕێیە بڕیم گشتی هەڵە و لاڕێیە
وا دێمە پەنات باری گوناهم پێیە
بمبەیتە بەهەشت ئەگەر بە نوێژ و ڕۆژوو
سەودایە، ئیتر بەخششەکەت لە کوێیە؟
 
کێ ڕۆژی بەرێ قوڕی منی شێلاوە؟
کوڵکە و مەرەزم بە کام تەشی ڕێسراوە؟
کارم کە یەکی نەگرت و لێم ئاڵۆزا
سووچم چییە؟ لای خۆتەوە هەڵپێچراوە
 
ئەی تەکیەنشین شێخی بە سۆرە و تۆرە
پێت وانەبێ هەر مەستییە، کارم زۆرە
من خوێنی ترێ دەمژم و تۆ خوێنی هەژار
جوابم دەرەوە کێیە پتر خوێن خۆرە؟!
 
دەروێش وەرە ئەم حاو و حوەت بێ خێرە
دەم بەستەی و تۆزاوی وەکو گاگێرە
خوا چاوی لە دەستت نییە ڕۆژووی بدەیە
ژیانێکی کە پێی داوی بە مەی بسپێرە
 
دنیا بە دەسی دەستە کەر و گایێکە
هەر جاشەکەرە وەزیر و پاشایێکە
دیندار بە کەسێ دەڵێن نەزان و گێژە
هەرکەس کە دەڵێن کافرە زانایێکە
 
خوێنتاڵی مەلا! بە ڕیش و پەشم و جبەوە
ئەمڕۆشت لە دەست دەچێ بە بیری سبەوە
زۆر ووشکی دەبی بە دەستەچیلەی ئاگر
فەرموو وەرە مەیخانە دەمێ تەڕ ببەوە
 
وا چاخی گوڵە و دار و دەوەن گوڵ پۆشە
دەروێش‌ وەرە بەر! وەرگرە مەی بینۆشە
بڕوانە لە گوڵ بە ئەقڵی تۆ پێدەکەنێ
بۆ بیری جەهەندەم، دڵ و ڕووت ناخۆشە
 
هەر کەس کە تەواوە ناتەواوی ماڵە
کێ خێوی کوڵاو و کاڵە بۆ خۆی کاڵە
خوێنتاڵە هەتا ملان لە ناو شیرنایی
کێ ڕووگەش و خوێن شیرنە ژینی تاڵە
 
خوێنتاڵت دەوێ؟ ئێسکی گرانت گەرەکە؟
بۆ تەکیە بچۆ کە دەرد و ژانت گەرەکە
مەیخانەیە جێی لێو بە بزە و ڕووخۆشان
مەیگێڕێ ببینە گەر ژیانت گەرەکە
 
خەییام کە سەرت گەرمە بە مەی دڵخۆش بە
دەس لە ملی کچۆڵەیەک دەکەی دڵخۆش بە
دوا ڕۆژی هەموو شتێک نەبوونە و چوونە
وای دابنێ هەر نەبووی، کە هەی دڵخۆش بە
 
گایێکە لە عاسمان و ناوی کۆیە
گایێکە دەڵێن هەڵگری هەرد و بۆیە
سەیری کەرەگەل بکەی لە ناو ئەم جووتە
گەر ژیر و بەبیری سەیری خۆش بۆ تۆیە
 
ڕۆیین و زەمان پەشێو و ئاڵۆزاوە
سەد گەوهەر و دوڕ یەکێکی لێ نەسماوە
داخی بە دڵم هەزار ووشە و بیری چاک
کەر بوونەتە لەمپەر و نەبێژراو ماوە
 
ئەی خوایە لە کارت سەری زانا گێـژە
شیرنایی دەنێـیە دەم، دەڵێی مەی چێـژە
خۆت جوانی دروست دەکەی، دەڵێی مەی بینە
پیاڵێکی پڕاوە، لاری کە و مەیڕێـژە
 
دیم پیرێ لە مەیخانە سەری دەخولاوە
ناترسی ووتم، کە بمری؟ چت بۆم ماوە؟!
فەرمووی وەرە پێداکە، گەلێ وەک من و تۆ
ڕۆیشتن و کەس نەهاتەوە لەو لاوە
 
لەم ڕێگە درێژەوە کە مەرگی ناوە
کێ هاتەوە باس و خەبەری هێناوە؟
وەستان لە دوو ڕێیانی نیازی پڕ و پووچ
بێهوودەیە، هەرچی چوو نەهاتە دواوە
 
خشت پێژی هەتا کەنگێ بە سەر دەریاوە
ئاخ چەند ڕقم لە بت پەرس هەڵساوە
کابرای کە دەڵێ دەچتە جەهەندەم خەییام
چۆن زانی؟ چ دێوێک خەبەری پێ داوە!؟
 
دوو ڕوویی بەسە، ڕوو دەکەمە مەیخانە
ئەم ڕیشی سپی بە مەی بڕەنگێ جوانە
پێوانی تەمەن گەیشتە حەفتا تا کەی
خۆم هەر وەکوو هەم نیشان نەدەم، شێتانە؟
 
مەی تێکە! هەرایە! پێم دەڵێن بێ دینە
چۆن ڕەنگی بەرم؟ پەڕۆم لە هەشدا شینە
بەرماڵە گوناهبارەکەشم وا شڕ بوو
هەڵناگرێ تەقەڵ بە بارێ بیکەین پینە
 
مەیگێڕ وەرە بۆم تێکە دڵم زۆر تەنگە
کێ باشە؟ هەموو کەس دە ڕوو و سەد ڕەنگە
با مەی بپەرستین و ئیتر واز بێنین
تا وابێ موسڵمانەتی شەرم و نەنگە
 
مەیگێڕ بە سەرت پردی سیڕاتیش کەڵەکە
سەیرانی بەهەشت سەیری دوو چاوی بەڵەکە
زۆرم لە خودا ویست و کەمیشی نەگەیی
هەر تۆبەیە دەمداتێ ئەویش نەم گەرەکە
 
خۆ دوورە کتێب بگرە، گەمەی منداڵە
ژیر بیری لە سەر شەڕاب و لێوی ئاڵە
هۆشت بێ هەتا خوێنی نەڕژتووی گەردوون
تۆ خوێنی کچی ڕەزان بڕێژە پیاڵە
 
تازەم کە بە کەونە مەی، جیهانیش کەونە
زۆر لاش و سەری تێوە درا ئەم تەونە
چۆن هاتی؟ چلۆن دەچی؟ چلۆن بووی و دەبی
خەو دات نەگرێ وەکوو خەیاڵ و خەونە
 
لەم بیرە کە چین نهێنی پشتی پەردە
هەر بیرەوەرێ کاس و بەداخ و دەردە
ئەفسانەیەکی دوور و درێژ و بێ بن
دەستێ بەرە بۆ پیاڵە، دەستت لەو بەردە
 
چم بیستووە لەم جیهانە یان چم دیوە
زانیومە چییە، هیچ نەبێ نیوە و نیوە
مردن چیە؟ هەرچی دەکەم و دەکرێنم
شێواوم و سەر نابەمە دەر لەو شیوە
 
لەم هاتنە بێهوودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیر و خەمی ئەولاشە
مەیگێڕ وەرە قۆڵ هەڵکە گڵێنەت بێنە
خەم چڵکی دڵە، بە مەی بشۆرین باشە
 
بێ دلبەر و مەی تەمەن بەسەر چوون هیچە
بێ ڕەنگی مەی و دەنگی بلور، بوون هیچە
ئازاد و بە دڵخۆشی بژی چەند ڕۆژێک
ڕابوێرە، لە هیچ بیر مەکەوە، گەردوون هیچە
 
مەیگێڕ وەرە بۆم تێکە ئەوا نیوە شەوە
بەس بیرێ لە مزگەوت و کەنشتان بکەوە
دڵتەنگی جەهەندەمی و بە ئاواتی بەهەشت؟
دایناوە خودا کوێندەری، بەس لێکی دەوە
 
دڵتەنگی مەرگ نابێ ئەوەی لێزانە
ئەم مانەوەمان وچانی ڕاگوێزانە
تێر سەیری گوڵت نەکردووە بوویتەوە گڵ
لە شوێن گوڵە نەورۆزە گەڵاڕێزانە
 
زستانە هەتا ڕوو دەکەمە مەیخانە
هەر لاسکی گوڵە و لە دەوری ئاگردانە
وەدیارە نەیاری جوان و ڕووخۆشە جیهان
تۆڵەی دەمی پێکەنینە ئەم سووتانە!
 
ئەم هاتن و چوونی ئێمە چی لەدوایە؟
کێی وا هەیە لەم گڵۆڵە هەڵکا تایە؟
ئەو لاشە هەموو دەکەونە ئاورگی نەمان
سووتمانی وەهام نەدیوە، دووکەڵ نایە!
 
هەرچێکی هەڵێ، بەشی لە ئاوا بوونە
سەرکەوتنی هەوراز و بەرەوژێر چوونە
شین بووی لە زەوی، پێ دەگەی و دەت هێڕێ
ئاشێڕە خودا و ئاشەکەشی گەردوونە
 
ئەم کۆنە سەرا و پەردە کە دنیای ناوە
شایی لە بەرێک، شینە لە پێنسەد لاوە
ئەم خوانچەیە بەرماوی هەزار جەمشیدە
گۆڕە و گەلێ بارامی تیا نێژراوە
 
ھەر بێنەبەرە و ھەڵخول و ھاتوچۆیە
گوێ هەڵخە هەموو دەنگی بژی و ڕۆڕۆیە
خەرمانی ژیانە سوورە، گەردوون سەرکار
ڕۆ کردن و پێوانی مەیە لەو کۆیە
 
هەر خاکێ هەیە خۆڵی لەشی یارانە
هەر چاو و دڵی دلبەر و دڵدارانە
وەک ئاو کە هەور خۆڵ و گڵیش هەڵبگرێ
تا ڕۆژی حەشر تەوژمی خوێن بارانە
 
ئەی خوایە چ بێوەفایە ئەم دنیایە
دەرد و ڕکو کینە گشتی هەر لەو ڕایە
بڕوانی لە ناو دڵی ڕەشی خاکی ڕەشا
زۆر گەوهەری تێدایە کە نرخی نایە
 
خاکێ کە لە ژێر پێ و پلی شوانانە
سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە
هەر خشتێ لە کام قوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیر یان سەری سوڵتانە
 
هەر سەوزە کە تازە لە دەم ئاوێ ڕواوە
وەک تازە خەتێ لە لێوی لاوێ ڕواوە
هەنگاوێ لەسەر شینکە بەپارێز دانێ
ئەو شینکە لە خاکی مەستەچاوێ ڕواوە
 
بۆ ئاوی شەوێ گۆزە شکاوێک لامە
فرمێسکی ووشک نابنەوە بێ ئارامە
کەللەی سەری شا و دەست و پەلی دەروێشە
تێکەڵ بووە نازاندرێ کامەی کامە؟!
 
ئەم گۆزە کە جێ ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەند وەزیر و خونکارێکە
هەر پیاڵە مەیەک بە دەستی سەرخۆشێکە
کەللەی سەر و مێشکی ژیر و ووشیارێکە
 
ئەم بادەیە گیانە چۆتە لاشەی پیاڵە
وەک من بە ڕواڵە جوان و ژینی تاڵە
ئەم شووشەیەی کە تۆ دەڵێی پێدەکەنێ
فرمێسکی هەژارانە لە خوێن دارماڵە
 
گەردوون مەیەکەی مەرگە، جیهان مەیخانە
دەرخواردی دەدا هەر کەسێ لێی میوانە
بینۆشە بە ڕووی خۆشەوە گەر نۆرەت هات
جەژنێکە شەپۆڕێکی دەگەڵ یارانە
 
تا باخی گوڵی بەخت و جوانیت لەبەرە
سەرخۆش بە، دڵت خۆش کە، چ وەختی کەسەرە؟
ئەو ڕۆژێ لە دەس دەچێ وەگیر نایەتەوە
چەپ گەردی زەمانە دوژمنی قەستەسەرە
 
پێشی من و تۆش ڕۆژ و شەوێک بوون، کاکە
گەردوون لە گەڕانا بوو وەکوو ئێستاکە
لەم سەر زەوییە لە هەر جێ پێ وەگوێزی
خۆڵ و گڵی چەند چاو و دڵە، ئەو خاکە
 
بیر کەم بتەنە، ڕایەڵەکەت بێ پۆیە
مەی ڕۆکە لە کووپە، چ ڕەوای ڕۆڕۆیە
ئەمڕۆ کە بە فیز و قۆزی، سۆزی تۆزی
با بردەڵە! پێت وابوو جیهان بۆ تۆیە؟!
 
بایی مەبە بە ژیان و کەمێ ڕامێنە
زۆری وەکوو تۆ ئێستە سەتی لە شوێنە
دڵخۆش بە هەتا ماوی، مەرگ وا لە کەمین
تا تۆش نەڕفێنراوی بەشت بڕفێنە
 
بێهوودەیە بەس لە سەر مەخۆ بنوێنە
بگرە و بکوژە، کۆ کەرەوە و بستێنە!
سەرکاری مەرگ گەلێ لە تۆ زۆردارتر
دەتگاتە سەر و دەڵێ بەشی من بێنە!
 
دەرد و خەمی من کە هێشتە نەبڕاوەتەوە
خۆشی تۆ کە دەنگی لە جیهان داوەتەوە
هەر دووکی دەچێ، نە ئەو دەمێنێت و نە ئەم
گەردوون لە گەڕە و هەزار تەڵەی ناوەتەوە
 
دنیات بە خەیاڵی خۆ لە توربێن ناوە
زێڕت هەیە، عەرزت هەیە دێمە و ئاوە
ئەو ڕۆژی مەرگ سەرت دەدا سەر بە سەرین
هەر دووگەزە خاک و تۆپێک جاوە
 
خۆ بەس بدە خەو کە هۆش و بیرت پتەوە
ڕابوێرە ژیان بە مەی ئەگەر ڕۆژ و شەوە
مردن کە برای گەورەیە بۆ خەو هەر دێت
ئەو کاتە لە ناو نوێنی گڵا تێر بخەوە
 
هەر دەرد و کوڵ و ژانە ژیانی ناوە
تۆ بەفری گەلاوێژ و مەرگ وەک تاوە
ئەو تاوە تیا ماوی مەتاوێوە بە خەم
کوا ئاوی ترێ؟ هێمی جیهانیش ئاوە
 
ڕاستت دەوێ کاکە؟ لێم ببیسی چاکە
جوانێکی پەیاکە، بادەیەک پێدا کە
خوا کاری جیهانی کرد و لێبۆوە ئیتر
لە سمێڵی من و ڕیشی تۆ بێ باکە
 
ئەم بوون و ژیانەی هەیە چۆن ڕووی داوە؟
ئەنجامی چیە و بۆ چیە، چی بە دواوە؟
هیچ کەس نەبووە و نیشە بە ڕاست بیزانێ
هەرکەس بە خەیاڵ شتێکی بۆ هەڵداوە
 
لەم جەغزە کە شوێنی هاتوچۆی هەموانە
بێ ژێر و سەرە و دوور لە پوان و سوانە
کێ زانی لە کوێوە هاتووە و کێوە دەچێ
هۆزان و نەزان وەک یەکە سەرگەردانە!
 
هەوساری بە دەس خۆتە خراپە و چاکە
هۆی خۆیەتی هەرکەس گەشە، یان خەمناکە
بێچارەترە لە تۆ هەزار جار گەردوون
بەس سووچ و هەڵەت لە سوکری گەردوون ڕاکە
 
چاوم لە لکی هومێدە بۆم دانایە
ئەی خۆزگە کە داش دەهات بەری هەبوایە
زیندانە ژیانم دەرەتان نابینم
ئاڵۆز و گرێ پوچکەیە ئەو هەودایە
 
چاوبەستی فەلەک دەستی بڕیم کوێرانە
خستمیە جەهەندەمێک و ناوی ژیانە
دەردی مە، ئەگەر نەهاتووان بیزانن
ڕوو ناکەنە ئەم خەیمە شڕەی خەمخانە
 
بـــارانە دڵۆپێکی ڕژا دەریــــاوە
خۆڵێکە گەڕ و خولیە لە بەر دەم باوە
ئەم هاتنی ناو ژیان و چوونەت چۆنە؟
مێشوولەیەک و تۆزێ گەڕا و، گەڕیاوە
 
وا باشە پەنا بەرینە بەر مەیخانە
حەفتا و دوو میللەت بەمەچی شەڕیانە؟
کەوتوونە بیابانی نەزانی، بێ ڕێ
کوێرن، لە شەوی ڕەشان و خۆ لێکدانە!
 
هەر کارێ دەکەم ڕۆژی بەرێ نووسراوە
بۆ چاک و خراپ خوا قەڵەمی لێ داوە
پرسیار و گوناهی کردەوەم بۆ لە منە
نووسراوە، دەبێ بیکەم، ئیتر چی ماوە؟
 
گەردوون چتە؟ کێ بێ فەڕە ڕووت لێ ناوە
تێر و تەسەلە و بەرێکی پڕ لە دراوە
بێ شێو سەر ئەنێنەوە هەزاران زانا
بمبوورە ئەگەرچی پیری، بیرت خاوە
 
گەردوونی چەوێڵ هەر بە چەپی سووڕاوە
هەر بۆیە ئەوی ڕاستە تیا داماوە
بڕوانە لە هاواڵەتی شووشە و پیاڵە
خوێن کەوتە نێوانیان و لێو بە لێو چەسپاوە
 
مەیگێڕ وەرە ئەم هۆشە بەکارم نایە
مردن ڕەشەبایێکە، ژیانم کایە
بۆم تێکە مەیەک، هاکا دیت
گۆزێک لە گڵی منیش لە ناو کڵ دایە
 
خوێنتاڵە خەم و دوژمنە، خۆی لێ لادە!
خۆشی لە کەسێک لێو بە بزە و دڵشادە
مەیگێڕ وەرە هەر ڕەنجێ لە دنیا کێشام
بەر بادە! دەسا بمگەیە خۆت و بادە
 
کێ ڕەنجی ژیان دەکێشێ ئازایە کوڕه
بارانی لە زیندانی سەدەف دایە، دوڕە
پیاو بۆ خۆ بمێنێ ماڵی دنیاشی دەبێ
پێوانە هەلێک بەتاڵە زۆر جاری پڕە
 
زێڕ گەرچی نە سەرمەیانی پیاوی ژیرە
بێ دراو و هەژار لە سەر زەوی یەخسیرە
دەس تەنگییە وا وەنەوشە ملخوار و کزە
گوڵ پێدەکەنێ، لە باخەڵی دا لیرە
 
گوڵ یاخە دەکاتەوە بەرامبەر بە شنە
بولبول دڵی خۆشە کەوتۆتە ئاواز و قنە
تا تۆش و گوڵیش نەبوونە تۆزی بەر با
مەی بێنە لە گوڵزارێ بخەین بار و بنە
 
نازدارە بەهارە، سەوزەیە، دەم ئاوە
کوا دەفر و پیاڵە مەی؟ دڵم تەنگاوە
گەردوون گەلێ وەک تۆ و منی سەد جار سەد جار
بە پیاڵە دروست کرد و لە بەردی داوە
 
چاوجوان وەرە لام، بە خەم بڵێ بەو لاوە
لێم هاڵێ هەتا داوی تەمەن نەپساوە
نەورۆزە چەمەن سەوزە دەمێ سەرخۆش بین
تا سەوزە لە سەر گۆڕەکەمان نەڕواوە!
 
پەنجەی گوڵی ڕوومەت گوڵەکەم، گوڵ چینە؟!
پەرژینی بە گوڵ گوڵ لە گوڵم پەرژینە
تا شینکە لە گۆڕە با بەیەکتر شاد بین
داخوا چ دەمێ لە دەوری گۆڕمان شینە؟!
 
بۆ دەردی دەروون و کوڵی دڵ مەی چاکە
هەر کووپە مەیە لە سەر زەوی دڵپاکە
لافاوی خەم و کەسەر کە دەوری لێ دای
مەیخانە گەمی نووحە، بەلەز بۆی ڕاکە
 
مەی بیرەوەری چاخی جوانی خۆمە
هاوڕاز و گلەی ڕۆژ و شەوانی خۆمە
ئاڵە وەکوو چاوەکەم لە دووری یاران
تاڵە و بەلەزەت وەکوو ژیانی خۆمە
 
مردووی بەرە مەیخانە ڕوحی تێدایە
ئەو بۆنی لە مەی دێ نەفەسی عیسایە
دەرخۆنە کە دەخرێـتە سەری کووپەی مەی
تاجی سەری سەد کاوس و جەم هێژایە
 
مەیگێڕ وەرە دەس مەگێڕەوە مەی بێنە
مەی ژینە لە ناو لەش و لە ڕەگدا خوێنە
کێ دیتی شتێک لە ئاگر و ئاویشە؟
مەی ئاوی ژیانی مەیە، خەم سووتێنە
 
خۆڵی لەشەکەم بە تایبەتی خڕکەنەوە
مەی لێ بدەن و باشی تەڕ و بڕکەنەوە
خشتێکی بپێژن لەمە، بەڵکوو جارێک
مەیخانە کەلێنێکی بەمن پڕکەنەوە
 
چیتە لە گەڵ ئەم جیهانە کەوتوویە ملە؟
بایی، کە دەڵێن بەختەوەرە و جێگە زلە؟
کەم پاڵدەوە، ڕەشماڵی لەشت تێک دەتەپێ
ئەستوندەکی کرمۆڵە پەت و سنگی شلە
 
ڕامان و کزی بەسە، وەرە مەی تێکە
وەبزانە هەموو کاری جیهانت ڕێکە
خۆت دانێ لە سەر پەلکە گوڵێک ئاونگی
مەرگت بە گزنگێکە، تەمەن تاوێکە
 
لەم خانە دوو دەرگانە کە پێت تێ ناوە
هاتووی بە پەلە و دەچیە دەرێ لەو لاوە
ژینت بە خەفەت بارییە مەرگیش سەربار
پێت وایە نەدۆڕاوی؟ خەیاڵت خاوە
 
بش بووبێ وەفا، ئێستە وەجاخی کوێرە
کێ ڕاستە لەوانی دیوتە؟ یەک بژمێرە
هەر کووپە مەیە هەواڵی دڵپاکە و بەس
بێ فێڵە، مەترسە! خۆتی پێ بسپێرە
 
مەیخانە دەگەڵ هەمدڵ و هەمدەم خۆشە
دەم بۆ دەم و دەستێ بەری بۆ مەم خۆشە
زگ کووپە نییە، لە مەی جمەی بێ دەم و ژەم
بۆ لەمپەری خەم، دەم دەم و کەم کەم خۆشە
 
دۆستێکی بەڕاستی خەمڕەوێنمانە، مەیە
ئیتر هەموو دۆستایەتی دنیا گەمەیە
چاخی گوڵ و یارێکی گوڵندام و مەیەک
ڕابوێری بە دڵ دەمێک، ژیان هەر ئەمەیە
 
حەیفم لە دڵێ دێ کە بەبێ سووتمانە
دڵداری تیا نەکردووە هێللانە
هەر ڕۆژێ کە بێ دلبەر و بێ دڵداری
بێ نرخە پڕ و پووچە زیانی ژیانە
 
پشکووتووە گوڵ، چ دیمەنی شەنگی هەیە
مەیگێڕ وەرە بۆم تێکە، دڵم ژەنگی هەیە
بەس بۆم بڵێ چیرۆکی بەهەشت و هۆری
خێو و جنە، ڕەنگی نیە هەر دەنگی هەیە
 
وا جێژنی بەراتە و شەوی ڕۆزی دانە
سەرکاری خودا گەرمی گەز و پێوانە
مەیگێڕ بەشی من وەرگرە خۆم سەرخۆشم
تا ڕۆژی مەرگ جێگەمە ئەم مەیخانە
 
پیرم و ئەوەتەی لەبیرمە، ژینم تاڵە
هەر خۆزگە بە پارە و، گلەیی لەم ساڵە
لەمنت کەوێ مردن دەیەوێم، های مەیگێڕ
دواکۆچە دەفریام خە دوامین پیاڵە!
 
خوا دەردی کە داناوە دەواشی دانان
مەیخانە بەرانبەرن بە دەروێشدانان
گەر بادە نەبایە لەم جیھانەی پڕخەم
تاوێک نەدەمان ئەوانی زانا و دانان
 
مەیخۆرەوە بم، بە تۆ چی؟! تووڕەی بۆ چی؟
تۆ بۆ چی بە زۆنگی خەمی مندا ڕۆچی؟
چیت داوە لە ئاکاری ئەم و ئەو کاکە؟
باشتر ئەوەیە کە خۆت بزانی تۆ چی؟


Read our comment Policy to know your rights & responsibilities before actually leaving a comment for this article.

Post a Comment (0)